وەزیری دەرەوەی عومان: پێشکەوتنێکی بێوێنە لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە

وەزیری دەرەوەی عومان، بەدر بوسەعیدی، ئاشکرایکرد، دانوستانەکانی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئێران، پێشکەوتنی گەورە و بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە، گوتیشی، ئەگەر کاتی تەواو بدرێت بە دیپلۆماسیەت، گەیشتن بە رێککەوتن لە بەردەستە، هاوکات رەنگە لایەنە جێبەجێکارییەکانی رێککەوتنەکە نزیکەی 3 مانگ بخایەنن.

بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی 'سی بی ئێس نیووز' گوتی: هێڵە گشتییەکانی رێککەوتنەکە دەکرێت بە خێرایی یەکلایی بکرێنەوە، دەشڵێت، جێگرەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی، کێشەکە چارەسەر ناکات بەڵکو ئاڵۆزتری دەکات.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی دانوستانەکان ئەوەیە دڵنیایی بدرێت لەوەی "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" گوتیشی، "ئێمە ئێستا باسی کۆکردنەوە و کۆگاکردنی تۆرانیۆم بۆ رێژەی سفر دەکەین، لەگەڵ خستنەژێر چاودێرییەکی تەواو و گشتگیر لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، یەدەگە هەبووەکان کەمدەکرێنەوە بۆ ئاستێکی سروشتی و دەگۆڕێن بۆ سووتەمەنییەک کە نەتوانرێت پێچەوانە بکرێتەوە، ئەمەش بە پێشکەوتنێکی گرنگتر لە رێککەوتنی ساڵی 2015 دادەنرێت. 

سەبارەت بە میکانیزمەکانی پشکنین، بوسەعیدی جەختیکردەوە، ئەگەر رێککەوتن بکرێت، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی رێگەپێدانی تەواویان دەبێت، تەنانەت پێشبینی دەکات لە قۆناغی دواتردا رێگە بە پشکنەرانی ئەمریکیش بدرێت و ئێران "بە شێوەیەک کراوەیە بۆ ئەم بیرۆکەیە کە پێشتر بوونی نەبووە".

بوسەعیدی باسی لەوە کرد، ئێستا ئێران هیچ چالاکییەکی پیتاندن ئەنجام نادات، تەنیا وێستگەی لێکۆڵینەوەی تاران نەبێت کە بەشێکی کاردەکات بۆ بەرهەمهێنانی ماددە پزیشکییەکان، پێیوایە هێڵە گشتییەکان دەکرێت بەیانی رێککەوتنی لەسەر بکرێت، بەڵام وردەکارییە تەکنیکییەکان نزیکەی 90 رۆژیان پێویستە بۆ جێبەجێکردن.

لە بارەی دۆسییەکانی دیکەی وەک مووشەکی بالیستی، وەزیرەکە روونیکردەوە کە ئێران کراوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو شتێک، بەڵام دۆسیەی ئەتۆمی لەپێشینەیە، کێشەکانی دیکە دەبێت لە چوارچێوەی گفتوگۆی ناوچەیی لە نێوان ئێران و دراوسێکانیدا تاوتوێ بکرێن بۆ دروستکردنی متمانە.