میدیاکانی ئیسرائیل: چەندان دامەزراوەی حکوومی و پێگەی سەربازی کروانەتە ئامانج

دیمەنی بۆردوومانێک لە تاران
دیمەنی بۆردوومانێک لە تاران

میدیاکانی ئیسرائیل رایدەگەیەنن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران و چەندان دامەزراوەی حکوومی و پێگەی سەربازیی لە ئێران و چەندان بەرپرسی باڵای ئێرانیان کردووەتە ئامانج. 

ئیزرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە بەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە، 28ـی شوباتی 2026، هێرشی ئاسمانیی پێشوەختەیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و چەندان پێگەی سەربازی و دامەزراوەی حکوومییان کردووەتە ئامانج. 

هەر چەندە تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی راینەگەیاندووە، بەشدارییان لە ‌هێرشەکاندا کردووە یان نا، بەڵام ژمارەیەک بەرپرسی واشنتن بە میدیاکانی وڵاتەکانیان راگەیاندووە، هێرشەکان بە هاوبەشیی لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. 

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، لە بەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە، چەندان پێگەی سەربازی و مەدەنی لە تارانی پایتەخت و شارەکانی ئەسفەهان، قووم، کەرەج و تەبرێز کراونەتە ئامانج. باس لەوەش دەکرێت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تارانیش بۆردوومان کراوە. 

بە گوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، تا ئێستا چەندان بەرپرسی باڵای سەربازیی سوپای پاسدران کراونەتە ئامانج، بەڵام ئێران بە فەرمی کوژرانی هیچ بەرپرس و فەرماندەیەکی سەربازیی خۆی رانەگەیاندووە. 

لە کاردانەوەی هێرشەکاندا، ئێران ئاسمانی وڵاتەکەی بە تەواوەتی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخست و بۆرسەی تارانیش داخرا. 

بەرپرسێکی ئێران بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە، ئێران خۆی بۆ وەڵامدانەوەیەکی وێرانکەر ئامادە دەکات و تەنیا خۆیان کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنن. 

هاوکات، میدیاکانی ئیسرائیلیش بڵاویانکردووەتەوە، ئاسمانیی تەواوەتی وڵاتەکە داخراوە و هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی چوون و هاتن بۆ ئیسرائیل هەڵوەشێنراونەتەوە. بەرپرسانی وڵاتەکەش باری نائاساییان راگەیاندووە و دەوامی حکوومی و ناوەندەکانی خوێندنیان داخستووە و داوایان لە هاووڵاتییان کردووە، لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. 

بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەو هێرشانەی بەیانیی ئەمڕۆ کروانەتە سەر ئێران قۆناخی یەکەم بووە و بە چەند قۆناخێکی دیکەش هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوام دەبن و چاوەڕێ دەکرێت بۆ ماوەی 48 کاتژمێر بەردەوام بن.