ناتانیاهۆ: ئیسرائیل و ئەمریکا هەڕەشەی ئێران لە رەگەوە هەڵدەکێشن

بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیه هاوبەشیان دەستپێکردووە بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە هەبوونەی رژێمی ئێران دروستی کردووە، جەختی لەوەش کردەوە، "ئێران خاوەنی رژێمێکی تیرۆریستییە".

نەتانیاهۆ لە گوتەکانیدا هۆشدارییەکی توندی دا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و گوتی، "نابێت بە هیچ شێوەیەک رێگە بدرێت رژێمی تیرۆریستیی ئێران بپڕچەک بکرێت بە چەکی ئەتۆمی، چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی". هەروەها ئاشکرای کرد، "رژێمی ئێران چەکی ئەتۆمی لەژێر زەویدا شاردووەتەوە و پێویستە هەر ئێستا رابگیرێن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی راستەوخۆی ئاراستەی گەلی ئێران کرد و رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی ئێران خۆیان لە چنگی ستەمکاری رزگار بکەن و ئێرانێکی ئازاد و ئاشتیخواز دابمەزرێنن.

نەتانیاهۆ پێی وایە هەوڵە هاوبەشەکانیان لەگەڵ واشنتن دەبێتە هۆی گۆڕانکاری و ئاماژەی بەوە دا، "کارە هاوبەشەکانمان زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی گەلی ئازای ئێران چارەنووسی خۆی بگرێتە دەست". روونیشی کردەوە، "ملیۆنان ئێرانی رژاونەتە سەر شەقامەکان و ئێستا هەلیان بۆ رەخساوە چارەنووسی خۆیان بەدیبهێنن".

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، بێنیامین نەتانیاهۆ ستایشی هەڵوێستی کۆشکی سپی کرد و گوتی، سوپاسی "سەرۆکی ئەمریکا دەکەین بۆ پشتگیری و سەرکردایەتییەکەی لەم پرسەدا".

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیی سەربازیی ئاسمانییان لە دژی ئێران دەستپێکرد. تا ئێستا دەیان پێگەی سەربازی و دامەزراوەی حکوومی لە تارانی پایتەخت و شارەکانی دیکەی ئێران کراونەتە ئامانج. وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش رایگەیاند، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئاماری قوربانییان رادەگەیەنن.