دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی کوەیت، مەنامە و ئەبوزەبی بیسترا

وێنە، بەحرەین
وێنە، بەحرەین

ئەمڕۆ شەممە، 28 ـی شوباتی 2026، دوای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی کوەیت، مەنامە و ئەبوزەبی بیسترا .

ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر چوار بنکەی سەربازی ئەمریکا لە وڵاتەکانی، ئیمارات، بەحرەین و قەتەر و کوەیت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بنکانەی هێرشیان کراوەتە سەر بریتین لە، بنکەی عودەید لە قەتەر، بنکەی سالم لە کوەیت، بنکەی زەفرەی ئاسمانی لە ئیمارات و کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین. 

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026 "هێرشی پێشوەختەمان لە دژی ئێران دەست پێکردووە و ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیمان کردووەتە سەر تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە."

هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، هێرشەکان بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دەکرێن. 

هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بەردەوام دەنگی تەقینەوەی نوێ لە ناوەندی تارانی پایتەختی ئێران دەبیسترێت و لە بەیانییەوە چەندان شوێنی جیاواز بۆمباران کراون. 

کەنالی 12ـی ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر دەیان پێگەی سەربازی لە ئێران. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیسرائیل ئاسمانی خۆی بە تەواوەتی داخستووە و چەندان کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ هەڵوەشاندووەتەوە.

حکوومەتی ئیسرائیل باری نائاسایی لە ناوخۆی وڵاتەکە راگەیاندووە و دەوامی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی راگرت. بەهۆی ئەم دۆخەشەوە هاتوچۆی هاووڵاتییان لە هەندێک ناوچەی ئیسرائیل سنووردار کراوە.