دروشمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووە ناو قۆناخێکی توند و مەترسیداری پێکدادانی راستەوخۆ، دوای ئەوەی هەر سێ لایەنی ململانێکان بە فەرمی دەستپێکردنی چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی فراوانیان راگەیاند.
تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆ 4"ی راگەیاند. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تاران لە رێگەی سەدان مووشەکەوە هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئامانجەکان دەستپێکردووە.
لە وەڵامێکی خێرادا، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی راگەیاند و سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێزە ئاسمانییەکانیان دەستیان کردووە بە بۆردومانکردنی چڕی بنکە سەربازی و ستراتیژییەکانی ناوخۆی ئێران.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) چوونە ناو شەڕەکەی بە فەرمی راگەیاند؛ لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "داستانی تووڕەیی". پێنتاگۆن رایگەیاند؛ هێزەکانیان بە ئامانجی تێکشکاندنی تواناکانی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، هێرشی راستەوخۆیان بۆ سەر ژێرخانی سەربازی تاران دەستپێکردووە.
ئێستا ئاسمانی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بەرووی گەشتە مەدەنییەکاندا داخراوە و جیهان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاوەڕوانی ئاکامەکانی ئەم رووبەڕووبوونەوە سێ قۆڵییە دەکات، مەترسی جەنگێکی گشتگیری لێ دەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل و ئەمریکا بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر خاکی ئێران و چەندین شاری ئەم وڵاتەیان بۆردومان کرد. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی ئاشکرا نەکراوە.