دژەتیرۆری کوردستان: هێزەکانی هاوپەیمانان ژمارەیەک مووشەک و درۆنیان لە هەولێر خستە خوارەوە

دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانان ژمارەیەک مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە پارێزگای هەولێر تێکشکاند.

دژە تیرۆری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، کاتژمێر 1:25 خولەکی دواینیوەڕۆ، هێزەکانی هاوپەیمانان ژمارەیەک مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.

لە راگەیەندراوەکەی دژە تیرۆردا هاتووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێ نەکەوتووەتەوە.

 

 
 
 

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026 "هێرشی پێشوەختەمان لە دژی ئێران دەست پێکردووە و ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیمان کردووەتە سەر تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە."

هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، هێرشەکان بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دەکرێن.

هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بەردەوام دەنگی تەقینەوەی نوێ لە ناوەندی تارانی پایتەختی ئێران دەبیسترێت و لە بەیانییەوە چەندان شوێنی جیاواز بۆمباران کراون. 

کەنالی 12ـی ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر دەیان پێگەی سەربازی لە ئێران.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیسرائیل ئاسمانی خۆی بە تەواوەتی داخستووە و چەندان کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ هەڵوەشاندووەتەوە. 

حکوومەتی ئیسرائیل باری نائاسایی لە ناوخۆی وڵاتەکە راگەیاندووە و دەوامی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی راگرت. بەهۆی ئەم دۆخەشەوە هاتوچۆی هاووڵاتییان لە هەندێک ناوچەی ئیسرائیل سنووردار کراوە.