بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە؛ بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە؛ هەناردەی گازی کۆرمۆر راگیرا و بەرهەمهێنانی کارەبا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد، بەهۆی بارودۆخی نائاسایی و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا راگیراوە، ئەمەش کاریگەریی گەورە لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دروست دەکات.

بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆمپانیای "داناگاز"ی وێستگەی کۆرمۆر بڕیاریداوە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و گیانی کارمەندانی کێڵگەکە، بەشێوەیەکی کاتی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا رابگرێت.

هەردوو وەزارەتەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی راگرتنی گازی کۆرمۆرەوە، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە بڕی (2500 بۆ 3000) مێگاوات کەم دەبێتەوە، کە ئەمەش گورزێکی گەورە لە سێکتەری کارەبا دەدات لەم قۆناغەدا.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، دەستەوەستان نابن و هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەزارەتی كارەبا بە پشتبەستن بە سەرچاوەكانی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا، هەوڵ دەدات كاریگەرییەكانی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لەسەر هاوبەشانی کارەبا كەم بكاتەوە."

کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازی سروشتییە بۆ وێستگەکانی غازیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، راگرتنی کارەکانیشی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەبێت.