عێراق و فەرەنسا: فراوانبوونی جەنگ ناوچەکە بەرەو وێرانکاری دەبات

هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەخت لەسەر مەترسییەکانی فراوانبوونی بازنەی ململانێکان دەکەنەوە و رایدەگەیەنن، بەردەوامیی جەنگ نەک تەنیا لایەنی ئەمنی، بەڵکو لێکەوتەی مەترسیداری سیاسی و ئابووریی بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت، هاوکات پاریس پشتیوانیی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق دووپات کردەوە.

رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە "ژان نوێل بارۆ"، وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە پێ گەیشت و تێیدا دۆخی هەستیاری ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەڵوێستی روونی حکوومەتی وڵاتەکەی خستە ڕوو و جەختی لە پشتیوانییەکان بۆ عێراق کردەوە.

هەروەها رایگەیاند، فەرەنسا بە توندی هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی عێراق رەت دەکاتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە پاریس پشت بە هەڵوێستی عێراق دەبەستێت و بە پێویستی دەزانێت عێراق بپارێزرێت و لە بازنەی ململانێ و ئاگرەکە بەدوور بگیرێت.

لە لایەن خۆیەوە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، تیشکی خستەسەر مەترسیی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ئەو لێکەوتە نەرێنییانەی کە لە ئەنجامی بەردەوامیی جەنگەکەدا دروست دەبن.

تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە، هاوڕایی هەردوولا بوو لەسەر مەترسییە گەورەکانی فراوانبوونی رووبەری جەنگەکە. هەردوو وەزیر رێککەوتن لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان کردەوە کە جەنگ تەنیا دەبێتە هۆی وێرانکاری و زیادبوونی پشێوی لە ناوچەکەدا، هۆشداریشیان دا کە درێژەکێشانی جەنگەکە لێکەوتەی گەورەی دەبێت کە تەنیا لە لایەنی ئەمنیدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو سەرجەم سێکتەرە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.