زنجیرەیەک تەقینەوە پایتەختەکانی ئیمارات، قەتەر و بەحرەین دەهەژێنن
شەممە 28ی شوباتی 2026، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی هێرشەکانی ئێران لە کەنداو وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز لە پایتەختی وڵاتانی ئیمارات، قەتەر و بەحرەین بیسترا.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) و گێڕانەوەی دانیشتووانی ناوچەکە، لە بەحرەین، لە مەنامەی پایتەخت دەنگی لانی کەم دوو تەقینەوە بیستراوە.
هەروەها، رۆژنامەنووسان لە دەوحە ئاماژەیان بەوە کردووە کە شەپۆلێکی نوێی تەقینەوەکان و دەنگی بەهێز لە سەرانسەری شارەکەدا بیستراوە.
هاوکات دانیشتووانی ئەبووزەبی گوێبیستی دەنگی تەقینەوە بوون. هاوکات شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە کە دووکەڵیان بینیوە لە بنکەی ئاسمانیی زەفرە لە ئەبووزەبی بەرز بووەتەوە.
بنکەی ئاسمانیی زەفرە، شوێنی جێگیربوونی باڵی 380ی ئاسمانیی گەڕۆکی ئەمریکییە، هێزێک کە لە 10 کەتیبەی فڕۆکەوانی پێکهاتووە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (MQ-9 Reaper)یش لەخۆ دەگرێت.
فڕۆکە جەنگییەکان بەردەوام لە بنکەی زەفرە ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە، هەروەها ئەم بنکەیە بە مەڵبەندی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دادەنرێت بۆ "مەشقی پێشکەوتووی جەنگی ئاسمانی".