وەزیری دەرەوەی عومان: هێرشکردنە سەر ئێران لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئاشتی جیهانیدا نییە

بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات و دەڵێت:"هێرشکردنە سەر ئێران لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئاشتی جیهانیدا نییە".

شەممە 28ـی شوباتی 2026، وەزیزی دەوەرەی عومان کە نێوەندگیری دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەگێڕێت، نیگەرانی خۆی لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئیران دەربڕی، کە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، کردیانە سەر دەیان شوێن لە تاران و پارێزگاکانی دیکەی سەرتاسەری ئێران؛ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەلبوسەعیدی نووسیویەتی:"بە هێرشە لەناکاوەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تووشی شۆک بووین، لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی دانوستانەکانداین".

هەروا نووسیویەتی: نیگەرانم و جێگەی داخە، ئەم هێرشانە جارێکی دیکەی رەوتی جددی بوونی دانوستانەکانی تێکدایەوە و ئەم کردەوانە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئاشتی جیهانیدا نییە، داوا لە خودا دەکەم بە زەیی بە خەڵکی بێتاواندا بێتەوە، کە بەهۆی ئەم دۆخەوە ئازار دەچێژن.

وەزیری دەرەوەی عومان داوا لە ئەمریکا دەکات درێژە بە شەڕ و هێرشەکان نەدات، داواشی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، دەستبەجێ کۆبوونەوەیەک بکات بۆ راگرتنی هێرشەکان و ئاگربەست، دەشڵێت:"هێرشەکان پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دەستبەجێ چالاکییە سەربازییەکان رابگرن و بگەڕێنەوە دانوستان".