کییەر ستارمەر : فڕۆکەکانمان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرگریی لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە ئێران لە هەر جۆرە هێرشێکی دیکە خۆی بەدوور بگرێت و فڕۆکەکانمان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرگریی لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

شەممە 28ـی شوباتی 2026، کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی رایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە دۆخی ئامادەباشیدان و فڕۆکە جەنگییەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرگریی هاوبەشدا لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسووڕێنەوە.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران توانای ئەوەی هەیە هەر ئێستا کۆتایی بەم گرژییانە بهێنێت.

ستارمەر گوتی: پێویستە ئێران لە هەر جۆرە هێرشێکی دیکە خۆی بەدوور بگرێت، دەستبەرداری بەرنامە مووشەکی و چەکەکانی بێت و کۆتایی بەو توندوتیژی و سەرکوتکارییە ترسناکە بهێنێت کە بەرانبەر بە گەلی ئێران ئەنجامی دەدات.

سەبارەت بە بەشداریکردنی سەربازیی بەریتانیا لە گرژییەکانی ناوچەکەدا، ستارمەر رایگەیاند: هێزەکانمان چالاکن و فڕۆکە بەریتانییەکان ئەمڕۆ لە ئاسمانن.

ناوبراو روونیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنە بەرگرییە هەرێمییەکان کە بە شێوەیەکی هەماهەنگکراو بەڕێوە دەچێت، بە ئامانجی پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا اگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو دەکەن و راشیانگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک بەشداریی هێرشەکان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ناکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر هێڵن؛ هاوکات داوا لە ئێرانیش دەکات لە هێرشی هەڕەمەکی بۆ سەر وڵاتان خۆی بپارێزێت.