فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت کرایە ئامانجی هێرشێکی درۆنی
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی کوەیت بە فەرمی رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی وڵاتەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی بووەتەوە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک کارمەند.
شەممە، 28ـی شوباتی 2026، عەبدوڵڵا راجحی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەوانیی شارستانیی کوەیت، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی وڵاتەکە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
ناوبراوپشتڕاستی کردەوە، کە هێرشەکە بە دیاریکراوی بینای ترمیناڵی گەشتیاران (T1)ی کردووەتە ئامانج.
بە پێی راگەیەنراوەکە لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژمارەیەک لە کارمەندانی فڕۆکەخانەکە بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان سەخت نین و مەترسیی لەسەر ژیانیان نییە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.