ئیسرائیل: بە 200 فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی بەرفراوانمان کردە سەر ناوەڕاستی ئێران

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی هێرشبەریی ئاسمانی لە مێژووی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیدا کە لە یەک کاتدا و بە بەشداریی 200 فڕۆکەی جەنگی، گورزیان لە 500 ئامانجی ستراتیژی لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران وەشاندووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتیی دەزگای هەواڵگریی سەربازی و هێزی ئاسمانی، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستیان پێ کردووە.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت: ئەمە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییە لە مێژووماندا، کە دوای پلاندانانێکی ورد و بە پشت بەستن بە زانیاریی هەواڵگریی بەهێز جێبەجێ کرا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە فڕۆکە جەنگییەکان سەدان مووشەک و بۆمبیان ئاراستەی 500 ئامانج کردووە، کە پێکهاتبوون لە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، بنکە سەربازییەکان لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران؛ ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە هێرشەکە بە شێوەیەکی هاوکات لە چەندین ناوچەی جیاوازی ئێران ئەنجام دراوە و ئامانجی سەرەکی لەکارخستنی توانای مووشەکی و بەرگریی تاران بووە.