بەغدا.. لایەنگرانی بەرەی موقاوەمە لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا گردبوونەتەوە

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران لایەنگرانی گرووپەکانی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە بەغدا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و هەوڵی گەیشتن بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەدەن؛ هەروەها شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دووپاتی کردەوە، ناوچەی جەرف سەخر دوو هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر.

شەممە 28ـی شوباتی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، ئەمشەو لایەنگرانی گرووپەکانی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە بەغدا رژاونەتە سەر شەقامەکان و هەوڵی گەیشتن بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەدەن؛ گردبوونەوەکە وەک کاردانەوەیەک دێت بەرانبەر بەو هێرشانەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرایە سەر ئێران

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمرۆ لە سەرەتایی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دوو جار هێرشکراوەتە سەر جرف سەخر لە پارێزگای بابل، کە گرووپەکانی بەری موقاومەی لێیە؛ کە هێرشی دووەمی 7:30 خولەک ئەنجامدراوە.

دیلان بارزان ئاماژەی بەوەش کرد، خۆپیشاندەران لە پردی المعلقەوە پەڕیونەتەوە کە دەروازەی سەرەکییە بۆ ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەکان، ئاراستەی خۆپیشاندانەکە بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمریکایە و لایەنگرانی موقاوەمە دەیانەوێت لەبەردەم باڵیۆزخانەکە ناڕەزایەتی دەرببڕن و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئێران دووپات بکەنەوە؛ هاوکات سەرەڕای ئەوەی هێزێکی ئەمنیی زۆر لە ناوچەکە بڵاوەیان پێ کراوە بۆ رێگریکردن لە پێشڕەویی خۆپیشاندەران، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەیانەوە بەردەوامن لە رۆیشتن.

خۆپیشاندەران دروشمی دژی ئەمریکا دەڵێنەوە و ئاڵای ئێران و گرووپەکانی بەرەی موقاوەمەیان بەرز کردووەتەوە.

هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 07:25ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ناوچەی جەرف سەخر دوو هێرشی ئاسمانیی نوێی کراوەتە سەر.

راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند کە بۆردوومانە نوێیەکە بارەگاکانی حەشدی شەعبی کردووەتە ئامانج.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، کاتژمێر 11:50، هەمان ناوچە رووبەڕووی زنجیرەیەک بۆردوومان بووەوە. بەپێی ئامارەکان، لە هێرشەکەی بەیانیدا دوو کەس شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش بە سەختی و سووکی بریندار بوون.

دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن خۆیەوە جەختی کردەوە کە تیمە پسپۆڕەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە وردەکاریی رووداوەکە و خەمڵاندنی ئەو زیانانەی بەر ناوچەکە کەوتوون.