ناتانیاهۆ: لە رۆژانی داهاتوودا سەدان پێگەی دیکەی ئێران دەکەینە ئامانج
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت، ئامانجیان بنبڕکردنی بەرنامەی ئەتۆمی و کۆتاییهێنانە بەو هەڕەشانەی ماوەی 47 ساڵە رووبەڕووی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکرێنەوە.
شەممە، 28ـی شوباتی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی، گوتی: کە ئیسرائیل لە جەنگێکی چارەنووسسازدایە بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆدا هێرشیان کردووەتە سەر چەقی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی سوپا و سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج.
ناتانیاهۆ گوتی: "لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا، ئێران بەردەوام هەڕەشەی مەرگ و لەناوچوونی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا دروست کردووە، بەڵام ئەمڕۆ دەڵێین چیتر ئەم دۆخە قبووڵ ناکرێت و رێگە نادەین دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، کە پلانی هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت و "لە رۆژانی داهاتوودا سەدان پێگەی دیکەی ئێران دەکەینە ئامانج."
ئاماژەی بەوەش دا، کە ستراتیژیی ئێستایان گۆڕینی نەخشە و سیمای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ڕێگەی نەهێشتنی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە.
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.