وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا و گروپی حەوت لەبارەی ئێران کۆدەبنەوە
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، سبەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی گرووپی حەوت، لەبارەی هێرشە بەرفراوانە هاوبەشەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کۆدەبنەوە.
نووسینگەی جۆرجا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان گفتوگۆمان کردووە بۆ ئەوەی سبەی لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و گرووپی حەوت لەبارەی دۆخی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەک رابردوو ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەکە بکات".
نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئیتاڵیا هاوسۆزی بۆ خەڵکی مەدەنی ئێران دووپاتکردووەتەوە، ئاماژەیداوە لە چەند هەفتەی رابردوودا داوای رێزگرتن لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی کردووەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، جۆرجا مێلۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانی و راوێژکاری ئەڵمانیا و چەند سەرکردەیەکی کەنداو کردووە.
لەو پەیوەندییەدا، مێلۆنی هاوخەمی و نیگەرانی ئیتاڵیای بۆ سەرکردەکانی کەنداو دەربڕیوە و ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی کردووە بۆ سەر وڵاتانی کەنداو.