ئەڵمانیا.. هونەرمەندێکی کورد پێشانگەیەکی شێوەکاریی کردەوە
بەهایدن، شێوەکاری کورد، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناوی "ناوچەی سرووشتی" لە شاری گیرمرسهایم لە ئەڵمانیا کردەوە، کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر جوانی و پایەداریی ئافرەتی کورد.
یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026، بەهایدن، شێوەکاری کورد، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی بە کوردستان24ی گوت، "کردنەوەی ئەم پێشانگە تایبەتە، گوزارشتێکە لە جوانی و پایەداریی ئافرەتی کورد لە هەموو ئەو سەردەمانەی تێیدا ژیاوە، رەنگەکان لێرەدا دژی پێشێلکردنی مافی ئافرەتانن، هەروەها پەڕەسێلکەکانی سلێمانی هێمایەکن بۆ هەڵگرتنی بوێریی ئافرەت."
بەهایدن گوتیشی، "ئەم پێشانگەیە لە پەڕەسێلکەی رەنگاو رەنگ پێکهاتووە و گوزارشت لە ئازادیی ئافرەت دەکات، هەروەها خاتوو ئەرخەوان رەسوولی نووسەر، بە نووسینێکی کورت بەشداری کردووە کە لەسەر تابلۆیەک بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی نووسراوە؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەو ئازادییە جوانەی ئافرەتی کورد کە لە ناخی خۆیدا هەستی پێ دەکات و دەیخاتە سەر رووی تابلۆکان."
ئەو شێوەکارە باس لە پەیامی تابلۆکانی ناو پێشانگەکەی دەکات و دەڵێت: "پەڕەسێلکەی وڵاتی من، بە بەرگی رەنگین و ئاڵاوە، بە دڵێکی غەمگینەوە، وێڵن بە دوای ئاسمانێکدا بۆ ئازادی و دەگەڕێن بە دوای بنمیچێکدا تا ئاسوودەیی تێدا بچێژن، پەڕەسێلکەکان گوزارشتن لە روحی ئەو ژنانەی کە لە دەمی نازدارییەوە سەمایان کرد تا هەڵفڕین، بەڵام نیشتنەوەیان لە ناو کۆت و زنجیردا بوو، چونکە نەیانزانی بەسەر ماڵەکاندا دابەش دەکران."

بەهایدن شێوەکارێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی ئەڵمانیایە، هونەرمەندێکی بینراوی چالاکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و کارەکانی پڕۆژەی نیگارکێشی، هونەری گرافیک، پەیکەرسازی و هونەری گشتی لەخۆ دەگرێت. ئەو بە بەکارهێنانی رەنگی دەربڕین و هێما و پێکهاتەی وێنەیی گێڕانەوە ناسراوە، کە تێیدا ئەزموونی کەسیی خۆی لەگەڵ تەوەرە گشتگیرەکاندا تێکەڵ دەکات.