سلێمانی.. دەیەمین خولی فێستیڤاڵی سپەیس21 بەڕێوەدەچێت

دەیەمین خولی فێستیڤاڵی سپەیس21 بە ناونیشانی "ئاسۆی دەنگی سلێمانی"، لە 30ی تشرینی یەکەمی 2026، تا 2ی تشرینی دووەم، لە شوێنە جیاوازەکانی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت؛ فێستیڤاڵێک لە رێگەی هونەری دەنگ و موزیکەوە، گوێگرتن لە شار، ژینگە، مێژوو، بیرەوەری و یەکتر دەخاتە ناوەندی چالاکییەکانی.

هەردی کوردە، توێژەری میوان لە زانکۆی سلێمانی و سەرپەرشتیاری پرۆژەی بەدیجیتاڵکردنی ئەرشیفە دەنگییە کوردییەکان بە کوردستان24ی راگەیاند، "سپه‌یس21 لە ساڵی 2017ەوە وەک پلاتفۆرمێکی سەربەخۆ بۆ هونەری دەنگ، موزیکی ئەزموونگەری و شێوازە جیاوازەکانی گوێگرتن دامەزراوە و لە رێگەی چالاکییەکانییەوە هونەرمەندان، موزیکژەنەکان و توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کۆدەکاتەوە."

کوردە سەبارەت بەم خولەی فێستیڤاڵەکە گوتی، "پرسیاری سەرەکیی ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە چۆن دەتوانرێت بە شێوازێکی جیاواز گوێ لە شار، ژینگە، مێژوو، بیرەوەری و یەکتر بگیرێت؛ بەمەش فێستیڤاڵەکە تەنیا بۆ نمایشکردنی موزیک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە ژینگەی دەنگی و چیرۆکە شاراوەکانی شار."

کوردە باس لە دەنگی ژنان و دیجیتاڵکردنی ئەرشیفە دەنگییەکان دەکات و دەڵێت، "بەپێی بەرنامەکە، فێستیڤاڵەکە لە 30ی تشرینی یەکەم، بە چالاکیی "دەنگی ژنان" دەستپێدەکات؛ چالاکییەک کە لەلایەن ئەرشیف خانەوە پێشکەش دەکرێت و دەنگ، تۆمار و مێژووە دەنگییەکانی ژنان دەخاتە پێشەوە، بە تایبەتی ئەو دەنگانەی لە ئەرشیف و مێژووی فەرمیدا کەمتر تۆمار کراون و بیستراون."

هەردی کوردە جەختی کردەوە، "لە هەمان رۆژدا، ئەرشیف خانە دامەزراندنی بنکەیەکی نوێ بۆ دیجیتاڵکردنی ئەرشیفە دەنگییە کوردییەکان لە کارگەی کولتووری رادەگەیەنێت. یەکەم پرۆژەی ئەم بنکەیە بۆ ماوەی 18 مانگ بە پاڵپشتی پرۆگرامی ئەرشیفە لە مەترسی لەناوچوونی کتێبخانەی بەریتانیا، بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سلێمانی و بە سەرپەرشتی خۆم وەک توێژەری میوان لە زانکۆی سلێمانی، بەڕێوەدەچێت."

سەبارەت بە ئامانجی ئەو پڕۆژەیە، کوردە گوتی، "ئامانج لەم پرۆژەیە تەنیا پاراستنی ژمارەیەک تۆماری دەنگی نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ پاراستنی بەشێک لە بیرەوەری و مێژووی دەنگی کوردستان. زۆر کۆکراوەی دەنگی، لە ئەرشیفی موزیکەوە تا تۆمارە دەنگییە خێزانییەکان، لە مەترسی لەناوچووندان و پێویستیان بە پاراستن و گواستنەوە بۆ فۆرماتی دیجیتاڵی هەیە."

کوردە باس لە قۆناخی دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە دەکات و دەڵێت، "دوای تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، بنکەکە دەتوانێت ببێتە شوێنێک بۆ پاراستن و دیجیتاڵکردنی کۆکراوە دەنگییە جیاوازەکانی کوردستان، بە شێوەیەک ئەم میراتە دەنگییە بۆ توێژینەوە و بەکارهێنانی داهاتوو بپارێزرێت."

هەردی کوردە باسی لەوەش کرد، "لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربووان گوێ لە بیرەوەرییە دەنگییەکانی گەرماو دەگرن و هونەرمەندانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەنگ و موزیک پێشکەش دەکەن. هەروەها ئۆرکێسترای سایزەر لەگەڵ موزیکژەنانی بواری ئاهەنگەکانی سلێمانی، بەشێک لە مێژووی سایزەر لە شاردا دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە و گوێگرتن."

کوردە سەبارەت بە گرنگیی رادیۆ وەک بەشێک لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، "رادیۆی رێسونانس و گەشتی پاس بۆ رادیۆش لە چالاکییەکانی دیکەی فێستیڤاڵن؛ ئەم چالاکییانە دەرفەت بۆ بەشداربووان دەڕەخسێنن تا گوێ لە فرێکوێنسییە رادیۆییەکان و دەنگە رۆژانەکانی شار بگرن و بە شێوازێکی جیاواز لەگەڵ ژینگەی دەنگی سلێمانی ئاشنا بن."

هەردی کوردە ئاماژەی بەوەش دا، "لە هەمان کاتدا، کۆڕێکی زانستی لەسەر ژینگەی دەنگ لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و کارگەیەکی تایبەت بە گەنجانیش رێکدەخرێت، کە تێیدا بەشداربووان لە رێگەی گوێگرتن، تۆمارکردن و بەڵگەنامەکردنەوە، لە ژینگەی دەنگی شار دەکۆڵنەوە. خواردن و گوێگرتنی بەکۆمەڵیش بەشێک لە بەرنامەکانی ئەم خولەی فێستیڤاڵەکەیە."

هەردی کوردە لەبارەی گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییانەوە دەڵێت، "ئەوەی لەم فێستیڤاڵەدا گرنگە ئەوەیە گوێگرتن تەنیا وەک کردارێک بۆ بیستنی موزیک نەبینرێت، بەڵکو وەک رێگەیەک بۆ تێگەیشتن لە شار، ژینگە، مێژوو و بیرەوەری و پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک ببینرێت. دەنگەکانی ژیانی رۆژانەی شاریش بەشێکن لە ناسنامە و بیرەوەرییەکانی."

دەیەمین خولی فێستیڤاڵی سپەیس21 بە ناونیشانی "ئاسۆی دەنگی سلێمانی"، هەوڵ دەدات لە رێگەی کۆکردنەوەی هونەرمەندان، موزیکژەنەکان، توێژەران و خەڵکی شار، پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان دەنگ و شوێن دروست بکات و سلێمانی بکاتە شوێنێک بۆ گوێگرتن، تێڕامان و دۆزینەوەی بیرەوەرییە دەنگییەکان.