کوردستان24 هۆکاری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، بەهۆی فشاری نێودەوڵەتییەوە دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و ڕێگری کرا لەوەی باس لە هێرشەکانی ئێران و بۆردوومانی گروپە چەکدارەکان بکرێت.

یەکشەممە 29ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق کە بڕیاربوو تایبەت بێت بە گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتە ئەمنییەکان و شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لایەنی نێودەوڵەتی فشاری توندیان خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە مەبەستی رێگریکردن لەوەی لە کارنامەی دانیشتنەکەدا بە هیچ جۆرێک باسی هێرشەکانی ئێران و بۆردوومانکردنی بنکە و بارەگای گروپە چەکدارەکان بکرێت، یان پەرلەمان پەنا بۆ دەرکردنی بڕیارێک بە زۆرینەی دەنگ ببات.

بڕیار وابوو کاتژمێر 9ـی ئەمشەو پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و لە یەکەم بڕگەی کارنامەکەیدا گفتوگۆ لەسەر ئاڵەنگارییە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە بکات، بەڵام بەهۆی ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵبوەشێنێتەوە.