سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی چەند هێرشێکی لە هەولێر دایەوە
ئەمشەو دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز ئاسمانی شاری هەولێری هەژاند، کە دواتر دەرکەوت پەیوەندییان بە چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە هەبووە بۆ بەرپەرچدانەوەی ژمارەیەک هێرش درۆنی.
ئەمشەو یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، دانیشتووانی شاری هەولێر گوێبیستی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی یەک لە دوای یەک بوون، بە پێی بەدواداچوونەکان ئەو دەنگانە دەرەنجامی کاردانەوەی خێرای "سیستەمی بەرگریی ئاسمانی" بووە لە بەرانبەر ژمارەیەک درۆنی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی شارەکە کرابوون.
بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، هێرشەکە لە رێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن)ـەوە ئەنجام دراوە و هەوڵیان داوە چەند پێگەیەکی هەستیار و دیاریکراو لە سنووری هەولێر بکەنە ئامانج، بەڵام سیستەمی دژە مووشەک و بەرگریی ئاسمانی دەستبەجێ چالاک بووە و سەرجەم درۆنەکانی لە ئاسماندا پێش گەیشتن بە زەوی تەقاندووەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا چەندین جار لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە لە لایەن گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان، هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی هەولێر و بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و کونسوڵخانەکان دراوە، بەڵام زۆربەی ئەو هێرشانە بەهۆی بوونی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو، شکستیان پێ هێنراوە و ئامانجەکانیان نەپێکاوە.
لەم کاتەی ئێستا دۆخی ئەمنیی شاری هەولێر ئاساییە و هێرشە درۆنییەکانیش هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.