شەپۆلێکی نوێی مووشەکی ئێران قودس دەهەژێنێت
لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکان، ئێوارەی یەکشەممە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز ئاسمانی شاری قودسی هەژاند و دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل (ماگن داڤید ئەدۆم) رایگەیاند کە تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەرکردنی ژمارەیەک هاووڵاتین کە لە ئەنجامی دواین شەپۆلی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بریندار بوون یان بەرکەوتوون.
دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، پاش ئەوەی دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە شارەکە و دەوروبەری بیستراوە، پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس گوێبیستی زنجیرەیەک تەقینەوەی گەورە بوون لە ئاسمانی قودسدا، هاوکات سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە سیستەمەکانی چاودێرییان ژمارەیەک مووشەکیان دەستنیشان کردووە کە لە خاکی ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراون و سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە و خستنە خوارەوەی مووشەکەکان چالاک کردووە.
لای خۆیەوە پۆلیسی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان دەستیان بە گەڕان و پشکنینێکی ورد کردووە لە ناوچەکانی دەوروبەری قودس، ئەمەش دوای وەرگرتنی راپۆرت سەبارەت بە کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکان و پارچەی تەقەمەنی لە چەند شوێنێکی جیاوازدا.
هاوکات تیمەکانی فریاکەوتن جەختیان کردووەتەوە کە جگە لە چارەسەرکردنی بریندارەکان لە شوێنی رووداوەکە، بەردەوامن لە پشکنینی ناوچەکانی دیکە بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی قوربانیی زیاتر.