پەیامنێری کوردستان24: دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە فڕۆکەخانەکەی بەغدا بیستران

وێنەی ئەرشیفی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا
وێنەی ئەرشیفی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دۆخی ئەمنی پایتەختی عێراق بەشێوەیەکی مەترسیدار تێکچوو، دوای ئەوەی دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شارەکە بیسترا و هاوکات ئاڵۆزی و پێکدادانەکان لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، نزیکەی کاتژمێر 1:15ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 2ی ئاداری 2026، دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بیستراوە.

هێرشەکە بە دیاریکراوی بنکەی سەربازیی "ڤیکتۆریا"ی کردووەتە ئامانج کە دەکەوێتە بەشی راستی فڕۆکەخانەکە و تایبەتە بە هێزەکانی ئەمریکا. هەرچەندە تا ئێستا جۆری چەکەکان بە فەرمی یەکلایی نەکراوەتەوە کە ئایا مووشەک بوون یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەڵام دیمەنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوکەڵێکی چڕ نیشان دەدەن کە لە شوێنی رووداوەکە بەرزبووەتەوە، هاوکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بنکەکە چالاک بووە و توانیویەتی یەکێک لە هێرشەکان پووچەڵ بکاتەوە.

هەروەها دۆخی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز لە دۆخێکی ناهەمواردایە، ماوەی دوو رۆژە لایەنگرانی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی هەوڵی گەیشتن بە باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە دەدەن. خۆپیشاندانەکان کە ئێستا بۆ توندوتیژی و پێکدادانی راستەوخۆ گۆڕاون، بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەندووە و ژمارەی خۆپیشاندەران زیادی کردووە و دروشمەکان توندتر بوونەتەوە.

هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بە توندی هەوڵی رێگری لە پێشڕەویی خۆپیشاندەران دەدەن، بەڵام بەهۆی گرژییەکانەوە ژمارەیەک بریندار لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کەوتووەتەوە.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە سێ کەس لە خۆپیشاندەران بە تۆمەتی تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان دەستگیر کراون و دۆخەکە بەردەوامە لە ئاڵۆزبوون.