کییەر ستارمەر: ئەمریکا دەتوانێت بنکەکانی ئێمە لە ناوچەکە بەکاربهێنێت
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران راگەیاندن و ئاشکرای کرد، لەگەڵ ئەمەریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە لە دژی ئێران بە مەبەستی بەرگریی کردن لە هاوپەیمانان رێککەوتن؛ دەشڵێت هێرش ناکەنە سەر ئەو وڵاتە، بەڵام بۆ بەرگریی تەواو ئامادەن.
دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر رێگەپێدان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بە مەبەستی ئەنجامدانی گورزی بەرگری بۆ تێکشکاندنی مووشەکەکان و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێران.
گوتیشی: هێزەکانی بەریتانیا بەشدار نەبوونە لە شەپۆلی یەکەمی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و ئێستاش بەشداری لە هیچ کردەوەیەکی هێرشبەرانەدا ناکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاران ستراتیژیی و هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و هاوپەیمانان، ئەوا کردەوەی بەرگریی بە کۆمەڵ بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانیان و هاووڵاتییانیان لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدەن
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش دا، بڕیاری دوورکەوتنەوەی بەریتانیا لە بەشداریی راستەوخۆ لە هێرشەکاندا بڕیارێکی بە مەبەست بووە، چونکە لەو بڕوایەدان کە باشترین رێگەچارە بۆ داهاتووی ناوچەکە و جیهان گەیشتنە بە رێککەوتنێکی سیاسی لە رێگەی دانوستانەوە نەک جەنگی کراوە، هاوکات حکومەتی بەریتانیا بەڵگەنامەیەکی لەسەر پێگەی یاسایی خۆی سەبارەت بەم بڕیارانە لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەت بڵاو کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە و پێش ئەم لێدوانانە، هەریەک لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە راگەیەندراویکی هاوبەشدا هۆشدارییان دابوو کە ئەگەر پێویست بکات ئامادەن هەنگاوی بەرگریی توند بگرنەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هاوپەیمانەکانیان لە کەنداوی عەرەبی بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ئێران.