بە دوو مووشەک هێرشکارەیە سەر بنکەی ئاسمانیی بەریتانیا لە قوبرس
میدیا جیهانییەکان و سەرچاوە هەواڵییەکانی قوبرس بڵاویان کردەوە کە رووداوێکی ئەمنی گەورە لە بنکەی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (RAF Akrotiri) لە نزیک شاری لیماسۆڵ روویداوە و دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەکە بیستراوە.
دووشەممە 2ی ئاداری 2026، رۆژنامەی ئیندپێندێنتی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە ئێران بە دوو مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (RAF Akrotiri) لە نزیک شاری لیماسۆڵ. بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەکە، دەستبەجێ زەنگی ئاگادارکردنەوە و مەترسی لە تەواوی بنکەکە لێدراوە و فڕۆکە جەنگییەکان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە و دەستیان بە سووڕانەوە کردووە بەسەر ناوچەکەدا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
جۆن هیڵی وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، باوەڕمانوایە ئێران بە ئەنقەست بنکەکان دەکەنە ئامانج، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە، کە ئێران تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چەندە بێ جیاوازی پەلاماری ناوچەکە دەدات.
رۆژنامەی (قوبرس مەیل) لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاشکرای کردووە کە بە فەرمی هەڕەشەی ئەمنی لە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لە قوبرس راگەیەندراوە و فەرمان بە تەواوی کارمەند و سەربازەکان کراوە کە دەستبەجێ بگەڕێنەوە شوێنی مانەوەیان و نەچنە دەرەوە، هەروەها ڕێنمایی توندیان پێدراوە کە لە پەنجەرەکان دووربکەونەوە و لە پشت کەلوپەلە ڕەق و قایمەکانی ناو ماڵەکانیان خۆیان پەنا بدەن و چاوەڕێی ڕێنمایی نوێ بن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی مەترسیی جددی لەسەر بنکەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ دووشەممە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران ڕاگەیاندن و ئاشکرای کرد، لەگەڵ ئەمەریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە لە دژی ئێران بە مەبەستی بەرگریی کردن لە هاوپەیمانان ڕێککەوتن؛ دەشڵێت هێرش ناکەنە سەر ئەو وڵاتە، بەڵام بۆ بەرگریی تەواو ئامادەن.