وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی ئامانجی داهاتوومانە
ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی شوباتی 2026، ئیزرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامێکی تونددا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، هەڕەشەی توندی ئاراستەی حزبوڵڵای لوبنانی و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند، نەعیم قاسم لەمەودوا ئامانجی ئەوانە بۆ کوشتن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "رێکخراوی حزبوڵڵا باجێکی قورس دەدات لە بەرانبەر هێرشکردنە سەر ئیسرائیل". ئاماژەی بەوەش دا، "نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لەژێر فشاری ئێراندا بڕیاری هێرشکردنی داوە، بۆیە لەمەودوا ئامانجێکی دیاریکراوە بۆ لەناوبردن".
روونیشی کردەوە، "هەر کەسێک شوێنپێی خامنەیی بکەوێت، زۆری پێ ناچێت خۆی لە قووڵایی دۆزەخدا دەبینێتەوە، ئەمەش هاوشانی سەرجەم کوژراوانی میحوەری مقاوەمە و هاوپەیمانەکانی تاران."
لەم پۆستەیدا کاتز جەخت لە گۆڕینی هاوکێشە سەربازییەکان دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ یاساکانی شەڕی پێش 7ی ئۆکتۆبەر، هەروەها بە هەموو هێزێکیانەوە بەرگری لە دانیشتووانی باکوور و تەواوی هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەوەشی خستە روو، خۆی و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران، رێنماییان داوەتە سوپای ئیسرائیل بە هێزەوە دژی حزبوڵڵا بجەنگن و کار لەسەر ئامانجە سەرەکییەکەیان بکەن.
لەبارەی ئامانجە سەرەکییەکەیانەوە گوتی، ئامانجی سەرەکی تێکشکاندن و لەناوبردنی رژێمی ئێران و پەکخستنی تواناکانیەتی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا، ئەمەش بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکان لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل و رەخساندنی دەرفەتە بۆ هاووڵاتییانی ئێران دژی ئەو رژێمە راپەڕن و بیڕووخێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، حزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بە کۆمەڵێک مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەی "میشمار هەرکەرمەل" لە باشووری شاری حەیفای ئیسرائیل.
حزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشە "وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ خوێنی ئیمام خامنەیی و بۆ بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی" ئەنجام دراوە. هەروەها جەختی کردەوە، "بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و تیرۆرکردنی سەرکردە و گەنجەکانمان مافی تەواومان پێ دەدات بۆ بەرگریکردن و وەڵامدانەوە".
لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاواز لە ناو خاکی لوبنان دەستپێکردووە وەک وەڵامێک بۆ ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کراون.