حکوومەتی لوبنان هەموو چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵای قەدەخە کرد
حکوومەتی لوبنان هەموو چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای قەدەخە کرد و داوای رادەستکردنی چەکەکانی دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، حکوومەتی لوبنان لە بڕیاریدا بە "قەدەخەکردنی دەستبەجێ"ی سەرجەم چالاکییە ئەمنی و سەربازییەکانی حیزبوڵڵا و ئەو حیزبەی پابەند کرد بەوەی دەبێت چەکەکانی رادەستی دەوڵەت بکاتەوە.
نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان دوای کۆبوونەوەی حکوومەت لە کۆشکی سەرۆکایەتی، ناوەڕۆکی بڕیارەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا کرد.
سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، دەبێت کارەکانی حزبوڵڵا تەنیا لە چوارچێوەی سیاسیدا قەتیس بکرێت، چونکە چالاکییەکانی بە دەرچوون لە یاسا ئەژمار دەکەن.
سەرۆکوەزیران رەتکردنەوەی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ هەر جۆرە کارێکی سەربازی یان ئەمنی لەسەر خاکی لوبنانەوە راگەیاند، بەتایبەت ئەو کارانەی لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی دەوڵەت ئەنجام دەدرێن.
لەو چوارچێوەیەشدا، سەرۆکوەزیران داوای لە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد، رێوشوێنی توند و پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە ئەنجامدانی هەر هێرشێک لە خاکی لوبنانەوە سەرچاوە بگرێت.
سەبارەت بە دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، نەواف سەلام پابەندبوونی وڵاتەکەی بە راگەیاندنی "وەستانی کارە دوژمنکارییەکان" و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دووپات کردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، حزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بە کۆمەڵێک مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەی "میشمار هەرکەرمەل" لە باشووری شاری حەیفای ئیسرائیل.
حزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشە "وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ خوێنی ئیمام خامنەیی و بۆ بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی" ئەنجام دراوە. هەروەها جەختی کردەوە، "بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و تیرۆرکردنی سەرکردە و گەنجەکانمان مافی تەواومان پێ دەدات بۆ بەرگریکردن و وەڵامدانەوە".
لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاواز لە ناو خاکی لوبنان دەستپێکردووە وەک وەڵامێک بۆ ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کراون.