سێنتکۆم: سێ فڕۆکەی F-15ی ئەمریکی بە "هەڵە" لە کوەیت تێکشکێنران

فڕۆکەیەکی ئێف - 15
فڕۆکەیەکی ئێف - 15

ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە رووداوێکی "نەخوازراودا" سێ فڕۆکەی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی کوەیت بە هەڵە و لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتەوە تێکشکێنراون.

بەپێی راگەیەنراوەکە، رووداوەکە کاتژمێر 11:03ی شەوی 1ی ئادار روویداوە، فڕۆکەکان لە جۆری (F-15E Strike Eagles) بوون و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "داستان ئاسا" ئەرکیان جێبەجێ دەکرد.

سێنتکۆم روونیشی کردەوە، لە کاتی رووداوەکەدا شەڕێکی چالاک لە ئارادا بووە و هێرشی فڕۆکە، مووشەکی بالیستی و درۆنەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە هەبووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کوەیت بە هەڵە و وەک "تەقەی دۆستانە" ئەم سێ فڕۆکە جەنگییەی ئەمریکای کردووەتە ئامانج.

سەبارەت بە چارەنووسی فڕۆکەوانەکان، فەرماندەییەکە رایگەیاند، هەر شەش ئەندامی تیمی فڕۆکەکان توانیویانە بە سەلامەتی خۆیان هەڵبدەنە خوارەوە و رزگار کراون، لە ئێستاشدا دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

لە بەشێکی دی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتی کوەیت دانی بە رووداوەکەدا ناوە و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش سوپاسی هەوڵەکانی هێزە بەرگرییەکانی کوەیت دەکات لەم ئۆپەراسیۆنەدا، هاوکات لێکۆڵینەوەکان بۆ دەرخستنی هۆکاری تەواوەتی رووداوەکە دەستیپێکردووە.

فڕۆکەی F-15E: ئەم فڕۆکەیە یەکێکە لە بەهێزترین فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بۆ هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەکاردێت. نرخی هەر یەکێکیان بە نزیکەیی 87 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.