وەزیری دەرەوەی چین: پشتیوانی لە ئێران دەکەین
وەزیری دەرەوەی چین پەیوەندیی بە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە کردووە و پێی راگەیاندووە، بەیژینگ پشتیوانیی تاران دەکات بۆ بەرگری لە سەروەریی خاکی ئێران.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە و پشتیوانی بەیژینگی بۆ تاران دەبڕیوە.
لە قسەکانیدا وانگ یی بە عێراقچی گوتووە "چین پشتیوانی لە ئێران دەکات بۆ بەرگری لە خۆی بەرانبەر بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل"، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیان سەندووە و مەترسی فراوانبوونی جەنگ و پێکدادانەکان دەکرێت، بەهۆی پشتیوانییەکانی گرووپە ملیشیاکانی عێراق لەلایەک و حزبوڵڵای لوبنان لەلایەکی دیکەوە بۆ ئێران.
هەروەها کەناڵی فەرمیی حکوومەتی چین بڵاویکردووەتەوە، وانگ یی بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی گوتووە" بەیژینگ دۆستایەتی دێرینی لە نێوان چین و ئێران بەرز دەنرخێنێت و پشتیوانی لە ئێران دەکات بۆ بەرگری لە پاراستنی سەروەری، ئاسایش، یەکپارچەیی خاک و شکۆی نەتەوەیی، هەروەها پشتیوانی لە ئێران دەکات لە پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی."
وەزیری دەرەوە چین داوای کردووە، هەرچی زووە ئەمریکا و ئیسرائیل پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان رابگرن و چیتر دۆخە ئاڵۆزتر نەکەن و بۆ ئەوەی ململانێ و گرژییەکان سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگریتەوە.