ستارمەر: بەشدارنەبووین لە هێرش کردنە سەر ئێران

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: رۆژی شەممە ئێران هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەک لە بەحرەین کە 300 سەربازی ئێمەی لێبووە، تەنیا چەند مەترێک کەم لەو مووشەکانە دووربوون، بنکەکانمان لە قوبرس لەلایەن ئەمریکاوە بەکارنەهێناون بۆ هێرشکرنە سەر ئێران.

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، کییر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: بەریتانیان بەشدارنەبووە لە یەکەم  هێرشی سەر ئێران، وەڵامە تۆقێنەرەکەی ئێران هەڕەشە بووە بۆ سەر ئێمە و خەڵك و هاوبەشانمان، ناکرێت چاوپۆشی لێ بکرێت، سەدان مووشەکی ئاراستەی ناوچەکە کردووە، مەزندە دەکەین 300 هەزار هاووڵاتی بەریتانی لە ناوچەکە نیشتەجێ بن، ئێران هێرشی کردووەتە سەر هۆتێل و فڕۆکەخانە کە هاووڵاتی بەریتانی لێ بووە.

ستارمەر گوتیشی: رۆژی شەممە ئێران هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەک لە بەحرەین کە 300 سەربازی ئێمەی لێبووە، تەنیا چەند مەترێک کەم لەو مووشەکانە دووربوون، بنکەکانمان لە قوبرس لەلایەن ئەمریکاوە بەکارنەهێناون بۆ هێرشکرنە سەر ئێران.

هەروەها گوتی: کوشتنی رێبەری ئێران، هێرشەکانی ئەو وڵاتە راناگرێت، ئیران لە پلانیدایە هێرش بکاتە سەر بنکە ئابوورییەکانی ناوچەکە، وڵاتانی کەنداو زۆر نیگەرانن لە هێرشەکانی ئێران چونکە هیچ رۆڵێکیان لە هێرشکردنەسەر ئێران نەبووە.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، ئەرکی ئێمەیە خەڵکی بەریتانیا بپارێزین، بۆیە فڕۆکەی جەنگیمان ناردووەتە ناوچەکە و بە سەرکەوتووی هێرشەکانی ئێرانی پووچەڵ کردووەتەوە، هەروەها درۆنێکمان لە عێراق تێکشکاند کە ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئێمە کرابوو، تاکە چارەسەر ئەوەیە مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە سەرچاوە و بنکە سەرەکییەکانییەوە تێکبشکێنین، بەشداری لە هێرشەکان ناکەین تەنیا ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی بنکەکانمان دەکرێت تێکدەشکینین.