وەزارەتی بەرگری قەتەر: دوو درۆنی ئێرانی دامەزراوەکانی دەوڵەتیان کردووەتە ئامانج
وەزارەتی بەرگری قەتەر، رایگەیاند، وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووەتەوە کە لە ئێرانییەوە ئاراستە کرابوون.
دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگری قەتەر، رایگەیاند، ئێران بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەجۆرێک یەکەمیان یەکێک لە کۆگاکانی ئاوی سەر بە کارگەیەکی وزەی "مسەیعید"ی کردە ئامانج، لەکاتێکدا ئەوەی دیکەیان یەکێک لە دامەزراوەکانی وزەی لە شاری پیشەسازی "ڕەئس لەفان"ی سەر بە کۆمپانیای "قەتەر وزە" کردە ئامانج، وەزارەتەکە جەختیشی کردەوە، هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەموو زیانەکان بەهۆی هێرشەکەوە دەستنیشان دەکرێن و دواتر بەیاننامەی فەرمی لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە.
هەروەها داوای لە هاووڵاتییان، نیشتەجێبووان و سەردانیکاران کرد کە ئارام بن و دڵنیابن، هەروەها پابەندی ئەو رێنماییانە بن کە لە لایەنە ئەمنییەکانەوە دەردەچن، هاوکات نەکەونە دوای دەنگۆکان و تەنها پشت بەو بەیاننامە و زانیارییانە ببەستن کە لە لایەنە فەرمییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.