ترەمپ: ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران بەردەوام دەبن
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند:چەکی ئەتۆمی رژێمی ئێران مەترسیدار بوو، بەڵام رۆژ بە رۆژ ئێران لاواز دەبێت و 10 کەشی ئێرانیمان نوقمی دەریا کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێدان مەدالیا بە ژمارەیەک ژەنەڕاڵی ئەمریکا رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران بەردەوام دەبن و هۆشداریمان داوەتە ئێران لە شوێنی دیکە هەوڵی چەکی ئەتۆمی نەدات، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەڕەشە بوو.
ترەمپ گوتیشی: چەکی ئەتۆمی رژێمی ئێران مەترسیدار بوو، بەڵام رۆژ بە رۆژ ئێران لاواز دەبێت و 10 کەشی ئێرانیمان نوقمی دەریا کردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە، شەڕی ئێران چوار هەفتە دەخایەنێت.
ئاماژەی بەوەش دا، مێدالیای ئازایەتی دەدەینە ژمارەیەک ژەنەڕاڵی ئەمریکی، چونکە ژەنەڕاڵەکانی سوپای ئەمریکا ئازا و لێهاتوون.
هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە، پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، رایگەیاند: ئێران چەندین ساڵە گێرەشێوێنی لەناوچەکە دا دروست دەکات، مووشەک و درۆنی دروستکردووە بۆ ئەوەی خواستەکانیان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدەن، هەروەها ئێران کارەکانی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم بەردەوام بوون.
هەروەها گوتی: ئێران هێزی بە وەکالەتی لە وڵاتان بەکاردەهێنا، پێویستە رژێمی ئێران بگۆڕدرێت، هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەمان لە هیچ لایەک قبووڵ ناکەین، سەرۆکی ئەمریکا بوێری هەموو شتێکی هەیە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، ئێران گفتوگۆی نەدەکرد، بەڵکو کاتیان بەدەستدەهێنا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم، بەڵام ناتوانن جارێکی دیکە ببنە خاوەنی ئەم هێزانە و هەرگیز ناتوانن چەکی ئەتۆم بەرهەمبهێنن.