وەزارەتی ناوخۆ رێکاری نوێی بۆ گەڕانەوەی ئەو هاونیشتیمانیانە راگەیاند کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکات، فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە توانی رەزامەندی وڵاتی تورکیا بەدەست بهێنێت بۆ وەرگرتنی ڤیزای ترانزێت بۆ ماوەی پێنج رۆژ بۆ هاونیشتیمانیان لەهەرشوێنێک بن لەدەرەوەی وڵات تاوەکو بتوانن بەشێوەی ترانزێت بێنە وڵاتی تورکیا و دواتر بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمرۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ گرتنە بەری ڕێکاری پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوە نەیتوانیوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە توانی رەزامەندی وڵاتی تورکیا بەدەست بهێنێت بۆ وەرگرتنی ڤیزای ترانزێت بۆ ماوەی پێنج رۆژ بۆ هاونیشتیمانیان لەهەرشوێنێک بن لەدەرەوەی وڵات تاوەکو بتوانن بەشێوەی ترانزێت بێنە وڵاتی تورکیا و دواتر بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بۆ سوود وەرگرتن لەو کارئاسانیە تکایە ئەو ڕێکارانەی خوارەوە پەیڕەو بکەن:-
• سەرەتا فۆڕمی ئۆنلاین پڕبکەوە بە مەبەستی هاوکاریکردنت، لە کاتی بوونی هەرپرسیارێک پەیوەندی بە هێلە گەرمەکانەوە بکە کە ئاماژەیان پێدراوە:
https://forms.gle/E3zcfaVPFzc1VKbx9
هێڵە گەرمەکان:
+9647508035680
+9647508035681
پلاتفۆرمەکانی (وەتسئاپ، ڤایبەر و تێلیگرام) لەسەر هێڵەکان بەردەستن.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، دوای ئاگادارکردنەوەت لە لایەن هێڵە گەرمەکانەوە سەردانی نزیکترین نێردە دیبلۆماسییەکانی وڵاتی تورکیا (کۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی وڵاتی تورکیا) بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە و بۆ سوود وەرگرتن لەو کارئاسانیە، پێویستە ئەو تیکتەی کە پێی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکیەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.
وەزارەتی ناوخۆ هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، لەو لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببنەوە:
-دڵنیا ببەوە لەوەی کە تیکتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کۆنسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونکە مەرجە تیکتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.
-دڵنیاببەوە لە ڕەچاوکردنی ماوەی پێویست لە نێوان بڕینی تیکت و وەرگرتنی ڤیزە، چونکە ڤیزەکە تەنها بۆ (5) ڕۆژە.
-پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
-ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقیەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە، چونکە ئەو کارئاسانیە تەنها بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقیە.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، لە بوونی هەر کێشەیەک هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکاربهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێی تیمە تایبەتەکانەوە کارئاسانی تەواوتان بۆ دەکات.
ئەو هاووڵاتیانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتیمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.