پەیامنێری کوردستان24: لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە

گرژییەکانی بەغدا گەیشتە لووتکە و لایەنگرانی بەرەی موقاوەمە هەوڵی بڕینی بەربەستەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و چوونە ناو باڵەخانەکە دەدەن؛ پەیامنێری کوردستان24 ڕایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە و سەرجەم ڕێگەکانیان داخستووە.

دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە.

ئاماژەشی دا، خۆپیشاندانەکان هەوڵدەدەن بەربەستەکانی باڵیۆزخانەکە ببڕن و بچنە نێو باڵەخانەکە و هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوی پێکراوە و بە گازی فرمێسکڕێژ ڕێگرییان لێ دەکرێت و بڵاوەیان پێ دەکرێت و ڕێگەکەیان بە تەواوی داخست.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لایەنگرێکی زۆری بەری موقاوەمە کۆبوونەوە و بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەڕێکەوتوون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هەموو ڕێگاکانی بەرەو باڵیۆزخانەکەیان بە بەربەستی کۆنکرێتی گرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 گرژی و ئاڵۆزییەکان لە دوێنێ شەوەوە بەردەوامە و تەنانەت خۆپیشاندانەکان و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە یەکدی دەکرد.

شەممە 28ـی شوباتی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاندبوو، لایەنگرانی گرووپەکانی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە بەغدا رژاونەتە سەر شەقامەکان و هەوڵی گەیشتن بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەدەن؛ گردبوونەوەکە وەک کاردانەوەیەک دێت بەرانبەر بەو هێرشانەی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرایە سەر ئێران.