ئەنجوومەنی مۆلیدەکان بۆ خاوەن مۆلیدەکان: بۆ پێدانەوەی کارەبا لەگەڵ ماڵان هەماهەنگی بکەن
بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی و ڕاوەستانی کارەکانی کۆمپانیای دانەغاز، پارێزگاری هەولێر و ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان خاوەن مۆلیدەکانیان سەرپشک کرد کە بە شێوەیەکی ئازاد و لە رێگەی هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیان، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و نرخی مانگانە دیاری بکەن تا ئەو کاتەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
ئەنجوومەنی خاوەن مۆلیدەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، لە راگەیەنڕاوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن، خاوەن مۆڵیدەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، ئاگاداردەکاتەوە لە ئەمڕۆ بەدواوە، هەر خاوەن مۆڵیدەیەک لەگەڵ ماڵەکانی سنووری مۆلیدەکەی قسە بکات و هەماهەنگی بکەن لەسەر داواکاری ماڵەکان مۆلیدەیان بۆ پێبکەن و سەری مانگ پارەیان بەگوێرەی رێکەوتنی نێوانیان وەربگرن.
هەروەها سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان کە نەیوست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەگەر مۆلیدەی گەڕەکان تا ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، کارەبایان بە هاووڵاتیاندایەوە، ئەوە وەک بەرچاو روونییەکی پێشوەختە بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەمپێرێک لە 5000 هەزار دینار زیاتر بە خاوەن مۆلیدەکان نەدرێت.
لەلای خۆیەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەبارەی مۆلیدە ئەهلیەکان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، مۆلیدە ئەهلیەکان ئێستا هیچ پەیوەندیەکی فەرمیان بە بریاری پارێزگا نەماوە و هیچ لێژنەیەکیش نیە بەناوی مۆلیدە ئەهلیەکان، هەموو مۆلیدەکان ئازادن و بۆ پێدانەوەی کارەبای ماڵان، بۆ پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و مۆلیدە ئەهلیەکان دەگەرێتەوە.
گوتیشی: بۆیە هیچ بریاریکی فەرمی نییە تا رابسپێردرێن پێبکرێنەوە ئەوان ئازادن و خۆیان لەگەڵ هاووڵاتیان رێک بکەون لە بارەی پێکردن و رێکارەکانی پێکردن، ئەم ئازادیەش تا کاتی ئاسایی بوونەوەی دۆخی کارەبای 24 کاتژمێری بەردەوام دەبێت.
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە بەهۆی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆمپانیای دانەغازی ئیمارات، کە بەرهەمهێنەری گازی شلە لە کێڵگەی کۆرمۆ و سەرچاوەی دابینکردنی 80%ـی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای 24 کاتژمێرییە، بەهۆی مەترسی هێرشی مووشەکی و درۆنییەوە، وەک ئامادەکارییەک بەرهەمهێنان و هەناردەی گازی راگرت.
بەهۆی بڕیارەکەی کۆمپانیای دانەغازەوە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئەم دۆخە ئاسایی دەبێتەوە ناچان لە 24 کاتژمێری شەو رۆژدا، 10 تا 12 کاتژمێر بە هاووڵاتیان بدەنەوە.