بەرلین.. 15 هونەرمەندی کورد پێشانگەیەکی شێوەکاریان کردەوە

پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش بۆ 15 هونەرمەندی شێوەکاری کورد لە ژێر ناوی " ڕۆژانی کولتووری ژنانی کورد"، لە مۆنزا کۆنەکە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کرایەوە.

دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، لاڤە بەیات، خانمە شێوەکاری کورد، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکە بە کوردستان24ی گوت، " ئەو پێشانگەیە لە 15 هونەرمەندی شێوەکاری کورد پێکهاتبوو، کە تابلۆکان باس لە هونەر و کولتووری کوردی دەکرد و گرنگییان بە ناسنامە، داهێنان، بیرەوەریی هاوبەش و هێزی ژنان لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەدا."

لاڤە بەیات گوتیشی، "لە پێشانگەکە کاری چەندین هونەرمەند نمایش کرا کە 40 تابلۆی جیاواز دەبوو و ئامانج لە کردنەوەی پێشانگەکە دروستکردنی شوێنێک بوو کە هونەر، ناسنامە و دیالۆگ یەکبخاتەوە، هەروەها نیشاندانی دەنگ و هێزی ژنانی کورد و پشتگیری لە دەربڕینی کولتووری فێمینستی."

شایەنی باسە، ئەو پێشانگە شێوەکارییە، کە کاری 15 شێوەکاری کوردە، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کرایەوە و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.