سێنتکۆم: لە 48 کاتژمێردا 1250 ئامانجمان لە ئێران پێکاوە

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، لە 48 کاتژمێری یەکەمی هێرشکردنە سەر ئێران 1250 ئامانجیان پێکاوە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکی لە ناوچەکە دەکات ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026، رایگەیاند، لەسەرەتای دەسپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران، ناوەندەکانی فەرماندەییەکانی هێزە چەکدارەکان، بنکە و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی بالیستی، کەشتی و ژێردەریاییەکانی هێزی دەریایی ئێران و شوێنەکانی مووشەکی دژە کەشتی کراونەتە ئامانج و وێرانکراون.
فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، تەنیا لە یەکەم رۆژی هێرشەکاندا، هەزار ئامانجیان لەسەرتاسەری ئێران پێکاوە.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، چەندین فڕۆکەی جۆری (F/A-18) پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان دەکەن دژی ئێران، هاوکات فڕۆکەکانی ئەمریکا شەو و رۆژ دەفڕن بۆ دابینکردنی هێزێکی ئاگرینی مەزن.

لە راگەیندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ( سێنتکۆم )دا هاتووە، پێش دوو رۆژ، رژێمی ئێران 11 کەشتیی لە کەنداوی عومان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ هیچ ئاسەوارێکیان نەماوە.

سێنتکۆم راشیگەیاندووە، ئێران بە شێوەیەکی دوژمنکارانە بەردەوامە لە هاوێشتنی مووشەکی بالیستی، هەروەها بە شێوەیەکی هەڕەمەکی پێگە سەربازی و مەدەنییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی ئەم هەڕەشەیە و وەک سەرۆکیش رایگەیاندووە، ئیرادەمان لە هەموو کاتێک بەهێزترە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رژێمی ئێران بۆ چەندین دەیەیە بەردەوام بووە لە بێزارکردن و هێرشکردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە کەنداوی عومان، بەڵام ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە، ئازادیی هاتوچۆی دەریایی بۆ زیاتر لە 80 ساڵە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی گەشەسەندنی ئابووریی ئەمریکا و جیهانە و هێزەکانی ئەمریکاش بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لێی.