وەزارەتی نەوتی عێراق: راگرتنی هەناردەی نەوت، کارکردنی پاڵاوگەکانی ناوخۆ پەک ناخات

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە سەرەڕای داخستنی گەرووی هورمز و راگرتنی هەناردەی نەوت، سەرجەم پاڵاوگەکان بە تەواوی توانایانەوە کار دەکەن و هیچ کەموکوڕییەک لە دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا دروست نابێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی ئاداری 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردەوە کە سەرجەم پاڵاوگەکان لە باشوور، ناوەڕاست و باکووری عێراق بە شێوەیەکی بەردەوام و بە تەواوی توانای خۆیان کار دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پاڵاوگەکان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی سووتەمەنی، لەوانە گازوایل، نەوتی سپی، بەنزین و بەرهەمەکانی دیکە، بەمەش بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی رۆژانەی ناوخۆ دابین دەکرێت و زیادەکەشی لە کۆگاکانی بەرهەمە نەوتییەکاندا هەڵدەگیرێت."

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی رووداوەکان، وەزارەتەکە روونی کردەوە: "کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ئەنجامی راگرتنی هەناردەکردن بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، هیچ کاریگەرییەک لەسەر بەردەوامیی کارکردنی پاڵاوگەکان دروست ناکات."

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە سووتەمەنییەکان و گازی شل بەردەوام دەبێت، چونکە پرۆسەکانی دەرهێنانی نەوتی خاو و وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە نەوتییە ناوخۆییەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەروەها لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەکە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ دەرەوە راگیرا.