سێنتکۆم: بەبێ دوودڵی هەموو هەڕەشەیەک لەنێو دەبەین

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، رایگەیاند، هێزەکانی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوە و لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەک کە سەقامگیریی ناوچەکە بکاتە ئامانج.

فەرماندەییەکە راگەیەنراوێکی لە بارەی درێژەکێشانی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە دا، ئێران پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی سەکۆی جوڵاوی مووشەکی بۆ ئەنجامدانی بۆردومانی هەرەمەکی، بە ئامانجی گەیاندنی زۆرترین زیان و وێرانکاری بە سەرجەم ناوچەکە.

سێنتکۆم ئاماژەیداوە "هێزەکانی ئەمریکا بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم هەڕەشانە دەکەن، کە هێرشی سەر وڵاتانی هاوپەیمان لە ناوچەکە دەدەن، هەربۆیە بەبێ دوو دڵی سەرجەم ئەو سەرچاوانەی دەبنە هەڕەشە و مەترسی بۆ ناوچەکە دەیکەینە ئامانج و لەناویان دەبەین."

جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران پێی ناوەتە پێنجەم رۆژ، لە بەرانبەردا هێزەکانی ئێران بە مووشەک و درۆن چەندین ناوچەی جیاوازی لە وڵاتانی کەنداو و عێراق کردووەتە ئامانج.