روبیۆ: کارمەندانمان لە بەغدا و هەولێر کشاندووەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە هێرش کراوەتە سەر کونسوڵخانەکەیان لە دوبەی و راشیدەگەیەنێت، سەرجەم کارمەندانیان لە بەغدا و هەولێر و بەیروت کشاندووەتەوە. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە کارگە و هێزی دەریایی ئێران لەناو دەبەن پێش ئەوەی دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات.

سێشەممە 3ی ئاداری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی دۆخی ئەمنی و هەنگاوە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا کرد.

روبیۆ پشتڕاستی کردەوە، لە رێگەی درۆنێکەوە هێرش کراوەتە سەر گەراجی ئۆتۆمبێلەکانی تەنیشت باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە دوبەی و بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە سەرجەم کارمەندەکانیان سەلامەتن.

سەبارەت بە دۆخی دیپلۆماتکارانیان لە ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: ژمارەی کارمەند و دیپلۆماتکارەکانمان لە چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم کردووەتەوە، بە شێوەیەک ئێستا لە بەغدا، هەولێر و بەیروت هیچ کارمەندێکی ئەمەریکیمان نەماوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران گوتی: ئەوان دەیانەوێت لە پشت بەرنامەی مووشەکی و درۆن و تیرۆرەوە خۆیان حەشار بدەن تا دەگەن بە چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێمە ڕێگە بەوە نادەین.

روبیۆ نەخشەڕێگای وڵاتەکەی خستەڕوو و گوتی: توانای ئەوان بۆ پاڵپشتیکردنی تیرۆر لەناو دەبەین، کارگەکانیان وێران دەکەین و هێزی دەریاییان لەناو دەبەین. ئەم ئامانجانە دەپێکین و لە رێگەداین بۆ جێبەجێکردنیان.

سەبارەت بە کاتی هێرشەکەش هۆشداریدا: ئەگەر ئێستا لێیان نەدەین، ساڵێک یان ساڵ و نیوێکی تر کەس ناتوانێت دەستیان بۆ بەرێت و چییان بوێت دەیکەن، بۆیە هەرچەندە بڕیارەکە باجی دەبێت، بەڵام باجەکەی زۆر کەمترە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دەشڵێت فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا هێرش دەکەنە سەر سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران و سەرجەمیان لەناو دەبەن.