هەڤاڵ ئەبوبەکر: هێرشە درۆنییەکەی سەر گردی ریعایە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، هێرشە درۆنییەکەی سەر سلێمانی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە و دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتییان کە سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکان دابینکراون، هاوکات داوا دەکات لە گردبوونەوەی ناپێویست دووربکەونەوە چونکە هەرێمەکە لە جەرگەی جەنگێکی ناوچەییدایە.
رۆژی سێشەممە 3ی ئازاری 2026، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 وردەکاریی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی پارێزگاکەی خستەڕوو و ئاشکرای کرد، ئەو هێرشە درۆنییەی کرایە سەر گردی ریعایە، هیچ زیانێکی گیانی بەدوادا نەهاتووە و دامەزراوە مەدەنییەکانیش ئامانجی هێرشەکە نەبوون.
سەبارەت بە دۆخی گشتی، هەڤاڵ هۆشداریدا لەوەی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە جەرگەی جەنگێکی نێودەوڵەتی و ناوچەییەوە، ئاسمانی هەرێمەکە بووەتە مەیدانی سووڕانەوەی فڕۆکەی جەنگی و ئاراستەکردنی درۆن و مووشەک. هەربۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و ئەگەر بۆ کاری پێویست نەبێت، خۆیان لە گردبوونەوەی گەورە بەدوور بگرن تا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە. جەختیشی کردەوە کە پاراستنی سەروەری و گیانی هاووڵاتییان ئەرکی حکوومەتی عێراقە."
سەبارەت بە دۆخی بژێوی و بازاڕ، پارێزگاری سلێمانی دڵنیایی دایە دانیشتووان کە سەرجەم پێداویستییەکانی وەک خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی دابینکراون. ئاماژەی بەوەش دا کە لە 28ی مانگی رابردوودا بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە و لیژنەکان و فەرمانگەکان راسپێردراون چاودێری وردی نرخ و بازاڕ بکەن، بەتایبەت لەم مانگی ڕەمەزانەدا.
پارێزگاری سلێمانی داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، نەبنە سەرچاوەی زانیاری بۆ لایەنەکانی دیکە و لە رووماڵەکانیاندا ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هاووڵاتییان دروست نەکەن.