ترەمپ هەڕەشە لە ئیسپانیا دەکات

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندیی بازرگانی لە ئیسپانیا دەکات، بەهۆی ئەوەی رەتیکردووەتەوە لە هێرشکردنە سەر ئێران، پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات.

دوای ئەوەی حکوومەتی ئیسپانیا بە سەرۆکایەتی پێدرۆ سانچێز، رەتیکردەوە رێگە بە هێزەکانی ئەمریکا بدات کە لە دوو بنکەی وڵاتەکەیەوە هێرشی سەر ئێران بکەن، ترەمپ بەم هەڵوێستەی سانچێز توڕەبوو و هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسپانیا کرد.

دۆناڵد ترەمپ لە میانی دیداری لەگەڵ فرێدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئیسپانیا ترسناک بووە.

ترەمپ لە هەڵوێستەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا توڕە و نیگەران بووە و رایگەیاندووە"هەموو بازرگانییەک لەگەڵ ئیسپانیا دەوەستێنین، هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسپانیا ناوێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، سکۆت بیسەنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکای راسپاردووە "هەموو مامەڵەکانی لەگەڵ ئیسپانیا هەڵوەشێنێتەوە".

هەروەها رایگەیاندووە " مافی ئەوەم هەیە هەرچییەکم بوێت، دەتوانم بەرانبەر بە ئیسپانیا بیکەم".

لەلایەن خۆیەوە حکوومەتی ئیسپانیا وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپی داوەتەوە و  رایگەیاندووە، پەیوەندییە بازرگانییەکان سوودی دوولایەنەی هەیە، ئەگەر ئیدارەی ترەمپ بیەوێت پێداچوونەوە پەیوەندییە بازرگانییەکاندا بکات، دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا، رەفتار بکات.