ئەمریکا ناسنامەی چوار سەربازە کوژراوەکەی ئاشکرا کرد
سوپای ئەمریکا ناسنامەی چوار سەربازە ئەمریکییەکانی ئاشکرا کرد کە لە جەنگی لەگەڵ ئێراندا کوژراون، هەروەها ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، هۆشداریی دا لە زیادبوونی کوژران و برینداربوونی ئەمریکییەکان لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان.
لە کۆی شەش سەربازی ئەمریکی کە تا ئێستا کوژراون چواریان ئەندامی یەکەیەکی یەدەگی سوپای ئەمریکا بوون لە ویلایەتی ئایۆوا.
پێنتاگۆن رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەسەر دامەزراوەیەکی سەربازی لە بەندەری شوایبەی کوەیت کەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە چوار سەرباز کوژران
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چوار سەربازە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 42 ساڵیدایە و لە فەرماندەیی 103ـی پشتیوانی لە شاری دێسمۆین لە ویلایەتی ئایۆوا خزمەتیان کردووە، کە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی جیهانی سوپای ئەمریکا.
سوپای ئەمریکا ناسنامەی چوار سەربازە یەدەگەکەی بەم شێوەیە راگەیاندووە.
-کاپتن کۆدی ئەی کۆرک تەمەن 35 ساڵ، لە شاری وینتەر هێڤن لە ویلایەتی فلۆریدا.
- نوح ئێڵ تیگینز تەمەن 42 ساڵ، لە شاری بێلڤیو لە ویلایەتی نەبراسکا.
- نیکۆڵ ئێم ئامۆری تەمەن 39 ساڵ، لە شاری وایت بێر لەیک لە ویلایەتی مینیسوتا.
-دیکلان جەی کۆدی تەمەن 20 ساڵ، لە وێست دێسمۆین لە ویلایەتی ئایۆوا.
ترەمپ و بەرپرسانی باڵای دیکە ئەمریکا هۆشدارییان داوە، کە رەنگە لە ململانێکان لەگەڵ ئێران، سەربازی زیاتر بکوژرێن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، ئێران تا ئێستا زیاتر لە 500 مووشەکی بالیستیک و زیاتر لە دوو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵداوە.
هاوکات هەر رۆژی سێشەممە، لە میانی کۆبوونەوەیەکی داخراودا وەزیری بەرگری ئەمریکا پیت هێگسێت و سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، جەنەڕاڵ دان کین، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی جۆن راتکلیف و وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ باسیان لە هەڕەشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا کرد.
کریس مێرفی سیناتۆری دیموکراتەکان گوتی "لەو ژوورەدا پێیان گوتین کە ئەمریکییەکانی زیاتر دەمرن و ناتوانن ئەم فڕۆکەبێفڕۆکەوانە بوەستێنن."