سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: ئەوەی بەرانبەر ئێران دەکرێت جەنگ نییە

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، ئەوەی بەرانبەر ئێران دەکرێت ئۆپەراسیۆنە، نەک جەنگ. جەختیش دەکاتەوە "هیچ رێگەیەکی دیکەمان لەپێش نەمابوو".

مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و کەسایەتیی دیاری کۆمارییەکان، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا رەتیکردەوە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە "جەنگ" ناوببات، بەڵکوو گوتی، "ئەوە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە."

جۆنسن جەختی کردەوە، "هیچ دەرفەتێک لەبەردەستدا نەمابوو. پێویست بوو ئەمریکا تا درەنگ نەبووە هەنگاوێک دژی ئێران هەڵبگرێت، ئەگینا دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچوو. ئەوەی ئێستا روودەدات جەنگ نییە و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە بۆ لەناوبردنی تواناکانی ئێران. ئەمریکا سوورە لەسەر بەدیهێنانی ئەو ئامانجە."

شەڕەکە بەیانیی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد. لەو رۆژەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاسمانیدا تاران-یان کردە ئامانج و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، لەگەڵ دەیان سەرکردە و فەرماندەی باڵای سەربازیی دیکەیان کوشت.

لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، سوپای پاسدارانی ئێران لە سەرەتای شەڕەکەوە بە بەردەوامی لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی دوورمەوداوە، ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەرێمی کوردستان و عێراق بۆمباران دەکات.

بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە، شەش سەربازی ئەمریکی کوژراون و دەیان هاووڵاتیی ئیسرائیلیش کوژراو و برینداربوون. هەر لەبەر هەمان هۆکار، ئەمریکا ژمارەیەک لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە داخستووە و بەردەوامە لە گواستنەوەی هاووڵاتییانی بۆ شوێنی ئارام.

جگە لە سوپای پاسداران، گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێرانیش بەشداریی شەڕەکەیان کردووە. لە عێراق و لوبنان، حزبوڵڵا و ژمارەیەک گرووپی دیکە رۆژانە بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.