فوئاد حوسێن: هیچ ئاماژەیەک بۆ ئاگربەست نییە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەردەوامی شەڕەکە دەبێتە هۆی قەیرانی بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە و جیهان دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا رووسیەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دۆخی ناوچەکە و کاردانەوە سیاسیی و ئابووریەکانیان تاوتوێ کرد.

وەزیری دەرەوەی رووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە ململانێکانی ناوچەکە خستەڕوو و گوتی، پەیوەندی بە چەند هاوتایەکی خۆی لە وڵاتانی کەنداو و ئێران کردووە، جەختی کردووەتەوە، باشترین رێگە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستان و ئەولەویەتدان بە دیپلۆماسی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.

لای خۆیەوە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و راوێژکاری نێوان هەردوو وڵات لەم قۆناغە گرنگەدا کردەوە.

گوتیشی: عێراق بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەهۆی ململانێکەوە راستەوخۆ زیانی بەرکەوتووە، بەو پێیەی رووبەڕووی هێرشی هەردوولا دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە قوربانی نەک بەشداربوو، راشیگەیاند، چارەسەرەکە لە ئاگربەستی دەستبەجێدایە، بەڵام پێوەرەکانی ئێستا هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی جددی لەم ئاراستەیەدا نیشان نادەن.

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەشکرد، فراوانی ململانێکان و چڕبوونەوەی هێرشەکان بووەتە سیمای جەنگەکە، دەشڵێت، داخستنی گەرووی هورمز و بەردەوامی ئۆپەرسیۆنە سەربازییەکان هاتوچۆی دەریایی پەکسختووە.

روونیشیکردەوە، عێراق رووبەڕووی گرفتی زیاتر دەبێتەوە لە هەناردەکردنی نەوتەکەیدا، ئەمەش دۆخێکە لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا هاوبەشن، هەروەها کاردانەوەی جددی بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهانی نیشاندەدات، هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی شەڕەکە دەبێتە هۆی قەیرانی بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە و جیهان دەبێت.