بەهۆکاری نادیار کارەبای تەواوی عێراق بڕا
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لێکۆڵینەوە و وردبینی بۆ هۆکاری پچڕانی کارەبا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە.
ئەمرۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، مووسا ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ کوردستان24: تا ئێستا هۆکاری کوژانەوەی کارەبا نازانین. کارەبای نیشتیمانی عێراق بە تەواوی لەسەرجەم پارێزگاکان کوژاوەتەوە.
هەروەها وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە داوە، لێکۆڵینەوە و وردبینی بۆ هۆکاری پچڕانی کارەبا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە.
لەلای خۆیەوە، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا رایگەیاند: سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا لە بێجی کراوەتە ئامانج، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم بە فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە.
هەروەها ئێستا عێراق توانای بەرهەمهێنانی 18 هەزار مێگاوایتی هەیە، بەڵام لە دوای مانگی سێ، خواست بۆ 50 هەزار مێگاوایت بەرزدەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا %40گازی عێراق لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.
ماوەی چەند رۆژێکە لە هەشت پارێزگای عێراق بەردەوام بنکەی گرووپە چەکدارەکان بە ئامانج دەگیرێن.