قەتەر: وەک رێکارێکی خۆپارێزی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا چۆڵ دەکرێت
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر، دەستی کرد بە جێبەجێکردنی رێوشوێنێکی ئەمنیی بە پەلە لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، کە خۆی لە چۆڵکردنی ناوچەکە دەبینێتەوە وەک ئامادەسازییەک بۆ هەر ئەگەرێک.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: "لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵدەستن بە چۆڵکردن و گواستنەوەی ئەو دانیشتووانەی لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا نیشتەجێن، ئەوەش وەک رێکارێکی خۆپارێزیی کاتی".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، شوێنی مانەوە بۆ نێشتەجێبووانی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قەتەر، دابین کراوە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆی قەتەر دوای ئەوە دێت، کە ترسی هەیە لە هێرشی ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە وڵاتەکە، چونکە دوێنێ ئێران باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە وڵاتی سعوودییە بۆردومان کرد.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو، کەوتوونەتە بەر هێرشی چڕی درۆنیی ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی کە تاران رایگەیاندبوو، "جەنگ دەست پێبکات، بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆردومان دەکەین."