تورکیا پلانی نائاسایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی کۆچبەرانی ئێران ئامادە دەکات

مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا

مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی زنجیرەیەک پلانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێکی کۆچی بەکۆمەڵ بەهۆی شەڕ لە ئێرانەوە ئامادە کردووە، کە دروستکردنی ناوچەی دابڕاو (بافەر زۆن) لەسەر سنوورەکان و دامەزراندنی کامپ لەخۆ دەگرێت.

وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ئێستا هیچ جووڵەیەکی نائاسایی لە هەرسێ دەروازە سنوورییەکەی نێوان تورکیا و ئێران بەدی نەکراوە، بەڵام وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، سێ پلانی نائاسایییان دارشتووە:

پلانی یەکەم؛ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر شەپۆلێکی کۆچبەران لەنێو خاکی ئێران و لە دیوی ئەو وڵاتە.
پلانی دووەم؛ دروستکردنی ناوچەی دابڕاو (بافەر زۆن) لەسەر سنوورەکان ئەگەر هاتوو رێگری لە جووڵەی کۆچبەران نەکرا.
پلانی سێیەم؛ رێگەدان بە کۆچبەران بۆ هاتنە نێو خاکی تورکیا، بەڵام بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و لەژێر چاودێرییەکی ورددا.

وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەکاریی سەرەتایی کردووە بۆ نیشتەجێکردنی نزیکەی 90 هەزار کەس لە ئەگەری روودانی شەپۆلێکی لەناکاوی کۆچ، ئەوەش لە رێگەی دابینکردنی کامپ و شوێنی حەوانەوەی کاتیی.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "رویتەرز" بڵاوی کردەوە، روژی دووشەممە سەدان هاووڵاتی ئێرانی بینراون کە لە سنوورەکانەوە بەرەو تورکیا پەڕیونەتەوە، هاوکات چەند راپۆرتێکیش باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆری دیکە لە چاوەڕوانیی پەڕینەوەدان.

مستەفا چیفتچی ئەوەشی خستە روو، زانیارییان پێ گەیشتووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران رێکاری توندیان بۆ رێگری لە چوونە دەرەوەی هاووڵاتییانی خۆیان گرتووەتە بەر، لە کاتێکدا تەنیا رێگە بە هاووڵاتییانی تورکیا و وڵاتانی سێیەم دەدرێت خاکی ئێران جێبهێڵن.