ئیسرائیل باشووری لوبنان بۆردومان دەکات و هۆشداری بە دانیشتووانی دەدات
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوو هێرشی ئاسمانییان کردە سەر دەوروبەری دوو شارۆچکە لە باشووری لوبنان، هاوکات سوپای ئەو وڵاتە هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی باشوور کرد کە دەستبەجێ بەرەو باکووری رووباری لیتانی کۆچ بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، سەرچاوە میدیاییەکان لە لوبنان رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەوروبەری شارۆچکەکانی (دێرسریان) و (عەدەیسە)یان لە باشووری لوبنان بۆردومان کردووە. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ئاستی گرژییە سەربازییەکانی سەر سنوور بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە.
هاوکات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان، سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری لوبنان کردووە، بۆ پاراستنی گیانیان دەستبەجێ ناوچەکانیان جێبهێڵن و روو لە ناوچەکانی باکووری رووباری لیتانی بکەن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری چڕبوونەوەی زیاتری هێرشەکان لەو ناوچەیەدا.
رووباری لیتانی کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە، بەگوێرەی بڕیاری 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وەک هێڵێکی ستراتیژی بۆ دوورخستنەوەی هێزە چەکدارەکان لە سنوورەکانی ئیسرائیل دیاری کراوە. داواکاری سوپای ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی باشووری ئەو رووبارە، مەترسییەکانی دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانتر لە باشووری لوبنان زیاتر دەکات.