لێدوانی رووحانی لەسەر پشێوییەکانی واشنتن
لێدوانی رووحانی

K24 - هەولێر
ئێران رووداوەکانی ئەمریکا بە وانەیەکی مێژوویی بۆ سەرکردەکانی جیهان و دەسەڵاتدارانی داهاتووی کۆشکی سپی ناودەبات، رووحانی دەڵێ "دیموکراسی رۆژئاوایی لەرزۆک و لاوازە".
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 7-1-2021) رایگەیاند، ئەوەی لە ئەمەریکا روودەدات توندڕەوی و سەرەڕۆییە، هەروەها رایگەیاند ئەو رووداوانەی ئەمەریکا وانەیەکی مێژوویین بۆ دەسەڵاتدارانی داهاتووی کۆشکی سپی.
سەرۆککۆماری ئێران، دۆناڵد ترەمپ، بە کەسێکی پۆپۆلیست ناودەبات و وەک هەمیشە رەخنەی لێدەگرێت و جەخت دەکاتەوە لەوەی "سیاسەتەکانی ترەمپ لە 4 ساڵی رابردوو، ئەمەریکای بەلاڕێدا بردووە".
نەوەک هەر ئێران، بەڵکو زۆربەی وڵاتانی جیهان رەخنەیان لە رووداوەکانی چوارشەممەی ئەمەریکا هەیە، کە تێیدا لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەدوای گوتارێکی ترەمپ، هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ و بوونە هۆی وەستانی ئەو کۆبوونەوەیەی بۆ پەسەندکردنی بردنەوەی جۆو بایدن دەکرا، لەئەنجامدا تووندوتیژی، شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو و چوار کەس لەو رووداوانەدا کوژران.