سوپای ئیسرائیل تێکشکاندنی 300 سەکۆی هاویشتنی مووشەکی ئێرانی راگەیاند

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانیدا توانیویەتی 300 سەکۆی هاویشتنی مووشەکی ئێرانی تێکبشکێنێت، هاوکات سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بۆ میدیا عەرەبییەکان ئاشکرایان کردووە کە خەمڵاندنەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئێران خاوەنی 700 بۆ 1000 سەکۆی هاویشتنی مووشەکی هەیە.

پێنجشەممە 5ـی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجی ئێستای ئیسرائیل پەکخستنی توانای ئێرانە بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێکی ئاسمانی، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، لە قۆناغی دووەمی هێرشەکاندا، کۆگاکانی مووشەک و کەرەستە سەربازییەکان لە ناوخۆی ئێران دەکرێنە ئامانج.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێن کە لە شەممەی رابردووەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگێکی فراوانیان دژی ئێران دەستپێکردووە، لەو هێرشانەدا کە لەرێگەی سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە ئەنجامدراون، سەرکردە باڵاکانی ئێران کراونەتە ئامانج، لەوانە: عەلی خامنەیی رێبەری باڵا، عەلی شەمخانی راوێژکاری رێبەر، وەزیری بەرگری و فەرماندەی سوپای پاسداران.

لە بەرانبەردا، ئێران وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە و ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، هەروەها هێرشەکان پەرەیان سەندووە بۆ بۆردومانکردنی فڕۆکەخانە و تاوەرە بازرگانییەکان لە هەریەکە لە وڵاتانی ئیمارات، کوێت و بەحرەین.